ئەوڕۆ لە دووی دوێنێ دا
بە هەشتاو۱
هەنگاوان هەڵدەگرێ و
ساڵیش هەر ساڵ
کەڵپۆسە ئەماناتیەکەی خۆی بە خەیاڵ بە نوێ دێتە بەر چاوانی
هەتا کورتی و هندکی ژین
لە مەودای نێوانی پەرژین و سەخمە۲ دا
لە بیری خۆی بباتەوە
لەم ڕۆزگارە ئاڵۆزە دا
نە ئاوات و شۆقێک هەیە
تا زەردەخۆ۳ لە سەر لێوانەوە دانێ
نە فرمێسکێک
-کە بۆ تاوێک دامرکیان-لە چاو بتکێ
نە چاوە نۆڕیێکیش لە نادەسەکناوی٤ میهەنگ٥
کە بە تەڵەکەیەک زەمان
بەرەو دووا بگێڕێتەوە
وێنەیەک لە
تامی تفتی زەردەخەنەت
لە سەر بوومی٦ سپی و خاڵی نگامەوە
بنەخشێنە
تا گوڵ هەورێشمی ڕایخ۷
لە ژێر تاقی باڵا بەرزی مێراویا٨
وەک دەروێشان بێتە سەما
چەکەرە نادیارەکان
لە چلوورەی۹ سواڵەتینی۱۰ مافوورە۱۱ دا
لە پەنجەی ئاوێزی چەوتەک۱۲ ڕزگار ببێ و
دیمەنی گەمۆری۱۳ دیوار
لە بۆن و بەرامەی گوڵباخی و شەوبۆ
تاوێک دەگەڵ ڕەنگی ژین دا
تێکەڵ ببێ
ئەوڕۆش هێشتا
هەر بە هەوا۱٤ و یادی دوێنێ
هەنگاو دەنێ
هۆنەر:ئەرسەلان موحەممەدی
وەرگێڕ:هادی مورادی
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱-بە هەشتاو:بە پەلە.
۲-سەخمە:ئاوار.
۳-زەردەخۆ:بزە،زەردەخەنە.
٤-نادەسەکناوی:نائارامی.
٥-میهەنگ:ئەندازە نیشاندەر.
٦-بووم:پارچە یا چێو یا موقەوایێک کە ڕەسمی لە سەر دەکێشن.
۷-ڕایخ:ڕاخەر.
٨-مێراو:میحراو.
۹-چلوورە:شووشە سەهۆڵ.
۱۰-سواڵەت:تیکەی گۆزە و دێزەی شکاو.
۱۱-مافوورە:قاڵی.
۱۲-چەوتەک:داربەس.
۱۳-گەمۆر:ڕووگرژ.
۱٤-هەوا:تاسە.