لە ئاسمانێ باست دەکرد
کە هەر شەوێک
بە داوێنە پڕ لە هەسارە کەیە وە
سەمای دەکرد
خەونی خۆشی کەسکوسووری۱
چیرۆکانی منی دەدی و
لە زڵەی هەر وەک غەزەڵی هێشوە دووچکەدارەکان دا
نێوێکی دەبیست
کە وا من لە سەر کەفاکیەوە۲
دیاریم کردبوو
لە زەمینێ باست دەکرد
کە کراسی کەسکی وەهارانی دەپۆشا و
هیشارێکی۳ گوڵداری لە وەنەوشە و شەوبۆ و نێرگس
بە سەری خۆی دا دەکێشا و
لە مەڕمەڕشای٤ هەورانەوە
دڵۆپی شەونمی دەتکاندە بان لێوانی تینووی خاک
لە ڕوانینێ باست دەکرد
کە سۆزی تاسەی دەپژاندە
نێو گیانم دا
سترانێک لە تۆرەمەی زەڵاڵی باران
کە دەگەڵ تینوواتی ڕووتی زەمین دا بە شەڕ دەهات
بە باڵای گورخی٥ چنار و دارە پەڵک
کە بە هەستی سووکایەتی لێڕ٦ و دارستان
هەڵدەستا و
وەکوو کڵووک۷ گەلی تازە پێگەیشتووی داربیسمیللا٨
لە سەر درگای ماڵانەوە دادەلەقا۹
سەد مخابن
کە لەم ئاخۆران باخۆرانەدا۱۰
ئاسمان
بازاڕی چیرۆک و نەزیرەی۱۱ هەڵپێچا
زەوین لە بەر پیسی
کراسی ئازیەتی کردە بەری و
دار و ئاو و گژ و گیا
بە دەس زڵمی خەزانەوە گیانەسەر بوون
نە هاوڕازێک ماوە
هەتا دڵی داماو بە وتەیەک بلاوێنێ
نە هاودەنگێک
کە سۆزی گیان
بە سۆزەیەک چارەسەر کا و
نە ئاهەنگێکی هەرماوی سازێک
هەتا شۆر و حاڵێک لە نێو دڵ دا ببزوێنی
تەنیا تاسەی ڕوانینێک ماوە و
زەوینێ
کە ڕووی لە ئاسمان وەر گێڕا
هۆنەر:ئەرسەلان موحەممەدی
وەرگێڕ:هادی مورادی
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱-کەسکوسوور:پەلکەزێڕینە.
۲-کەفاک:تەوق سەر.
۳-هیشار:سەرپۆشی
ژنانە.
٤-مەڕمەڕشا:خامی
هەرە سپی. کە دەکرێتە کراسی پیاوانە.
٥-گورخ:قایم
و پتەو.
٦-لێڕ:جەنگەڵ
۷-کڵووک:شکۆفەی دار.
٨-داربیسمیللا:دارە
جەوی،ئەکاکی.
۹-دالەقان:هەڵواسین،ئاوێزان
بوون.
۱۰-ئاخۆران باخۆران:پشێوی
و ئاژاوە.
۱۱-نەزیرە:چیرۆکی کورت