گوتت دیسان باخ
بارەوەر دەبێتەوە
کۆلکەزێڕینەی۱ شکۆفە
لە نێوانی لقەکانا
هێلانە بۆ خۆی چێ دەکا۲
سترانی۳
چەرمگی سروە
لە گەرووی گوڵباڤی٤ بەیان
سفرەی ڕۆژ لە
سەر ئاسمانی شین بڵاو دەکاتەوە
تا شۆڵەی تاو۵
دەگەڵ ڕوانینی بێ تاوی باخەوانا
تێکەڵاو بێ
گوتت هەوای بەهار لە نێو
دەر و دەشتا
دووارە دەواری هەڵداوە
سۆڵەی شەوەکانی زۆسان
لێک پچڕاوە تێکشکاوە
قەنارییە خەمبارەکە
لە سەر لقی ئەرخەوانەو
چاوە ڕوانی لفی خۆیە
هەتا لەشی نارینی٦ پەڕپەڕۆکەکان۷
لە بەر باوە
بوێرانە
بێتە سەما
گوتت بم٨ پڕ
لە هاوارە
چیرۆکی ڕەنگامەی ڕزگاری هێشتاکە
لە بیر دایە
باڵا بێ ئۆقرەکەی ئاڵا۹
بە ڕاپەڕینی وشەکان
له کەمەندی بەند ڕەهایە
هەتا بۆن و بەرامەی هەمیشەوەهـار۱۰
هەستی خۆش و مەزنی ڕووان
جارێکی تر
ببزوێنێ
بە داخەوە بێ بوونی تۆ
سامی بێ وێنەی دڕدۆنگی۱۱
وەل دڵخوازا بە شەڕا دێ و
چۆڵی ماڵم هەر تەنیا
تاڵی تەنیایی
ئەڕژێنێتە نێو گیانەوە.
هۆنەر:ئەرسەلان موحەممەدی.
وەرگێڕ:هادی مورادی.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱-کۆلکە
زێڕینە:پەلکە زێڕینە.
۲-چێ
کردن:درۆس کردن.
۳-ستران:گۆرانی.
٤-گوڵباڤ:وەکوو
گوڵ.
۵-تاو:خوەرەتاو.
٦-نارین:ناسک.
۷-پەڕپەڕۆک:نیلووفەڕ.
٨-بم:بێدەنگی،سکووت.
۹-ئاڵا:قەڵەم.
۱۰-هەمیشە
وەهار:گوڵێکە.
۱۱-دڕدۆنگی:دوودڵ،بە
گومان.
No comments:
Post a Comment