سەروێنی چەرمووی ئاسمان
لە بیچمی کۆمەڵە هەورێکی پڕدا
یاڵی کۆنەساڵی کێوی
شانە دەکرد و
دڵۆپی سەربەرەوخواری وەشت۱
لە پشتی شیشە،ی ئۆدەوە۲
دەتکایە سەر زەوین.
بریا دەکرا
بە ئاماژەی وشەگەلێک
وێنەیەکی ڕووناک لە ڕوخساری نادیاری تەنیایی بکێشی و
هەستی کەسکی۳ هەناسەکانت
بنیتە نێو گوڵدانێکی بلوورین
هەتا لە سەر باڵاڕفی وەتاخەوە
باڵەکانی بکاتەوە و
بە دیاریدانی هەر وەڵگێک٤
بۆن و بەرامەی بوونی تۆ
هەرماو٥ بکا.
هەورەگرمە بە بێ نێوبڕ ئەیگرماند و
زەوی لە ژێر سمکۆڵانی باگرۆ٦ دا
هەر دەلەرزی
تا قورسایی بێدەنگی ماڵ
بڕەوێنێ.
وەسوەسەی کێشانی خەیاڵی تۆ
لە سەر پەڕی خاڵی کاغەزەوە
مات دەمێنێ و
دڵۆپ
دڵۆپ
تامی تاڵی دڵتەنگی
ئەتکێنێتە نێو زاری شیعر
با بە شین و شەپۆڕ
لە سینەی خۆی دەدا
لوورەی دەرد
لە درزی هەر وەک ددانی دەلاقەوە
خۆی دەخزاندە ناوەوە
پەردەی خەیاڵ
لە سەر دیواری شەوەوە دادەکێشرا و
دەنگێک لە چەفتەلی۷ درگا
نەدەبیسرا.
هۆنەر:ئەرسەلان موحەممەدی
وەرگێڕ:هادی مورادی
(1) وەشت:باران
(2) ئۆدە:وەتاخ
(3) کەسک:سەوز
(4) وەڵگ:گەڵا
(5) هەرماو:هەتاهەتا،جاودانە
(6) باگرۆ:تۆفان
(7) چەفتەلی:لاولاوی
درگا و پەنجەرە
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر