ئەتۆ بە ڕەنگە کارەباییەکەی خەزان
لە تەنیشتی کام گەڵای سەرلێ شێواوا
بۆ یادگاری
نووسیبووت
کە وا بە دەرکەوتنی ئێکەمین کڵووک
لە لاکۆڵانەکانی زاڕۆڵەییدا
ملێک ئەکێشی بۆ باخچەی خەونەکانمان
هەتا پنچکی نیسان لە
خەوی زستانی
ڕزگار بێ
زووبە
کە با
لە پەڕ پەڕی دەفتەری بیرەوەریەکانا
بارانی گوڵپەلی وشکی نیسانی
پژاندووە و
پەلکە زێڕینەیەک کە وا
لە کوڵکوڵەی بەردینی هەوشە کۆنەوە
لە سەر کاشی کەوەی پاشۆرەوە
دەڕژا
لە بەر داوێنی دیوارا
لە نێوی خاکا خەوتووە و
سیلەی
غەریوێکی دڵتەنگ
بە نم نمی خەم
تەڕ دەکا
زووبە
چوونکوو گیان لە
هاتوو چووی هێلکالی کارەساتا
هێمن نیە
تەنانەتی ئەگەر
خۆیشت لە نێو قەڵایەکی دێرینی بڕوادا
شاردبێتەوە
زووبە
ئاخر دەنگە خەمینەکەی خەزان
پەیتا پەیتا
دیمی ڕەنگپەڕیوی ئەرخەوان
دەنوێنێ
زووبە زووبە
هۆنەر:ئەرسەلان موحەممەدی
وەرگێڕ:هادی مورادی
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱-کڵووک:شکۆفە
۲-لاکۆڵان:پەس کووچە
۳-نیسان:شەقایق
٤-کوڵکوڵە:فوارە
٥-سیلە:گۆشەی چاو
٦-هێلکال:مەنجەنیق
۷-دیم:دەم و چاو
۱ نظر:
سلام
ترجمه فارسی لطفا
.
ارسال یک نظر