Saturday, 16 May 2026

 لە ئامێزی پەنجەرەدا

١

شەپۆلی با
لە تۆ سترانێکی هەڵدا…

مانگ
وەستا و چاوی بڕی،
شتێکی نەگوت.

دارێک
هەتا بەیان
لە تاوی چاوەڕوانی
لەرزی.


٢

بیری تۆ،
بە زمانی باران،
لەسەر بان باری…

تەنانەت بەردەڕێگاکانیش
بێدەنگیی کۆڵان
گوێیان لێ بوو.


٣

گەڵایەکی کۆن
لە حەوشەی تەڕدا
خولایەوە…

دڵێکی خەمبار،
بێبەزەیی،
لە خۆی پێچا…

بەیانیش،
لە پشت دەرگا،
دواکەوتوو هات.


٤

نیشانەی تەڕی نیگات
بەسەر دیواردا
خشی…

خشخشەی پێڵاوەکان
لە ناو با دا
سووڕایەوە.

شەو
بێهەرا ڕۆیشت.


٥

زریان
شوێنی هەنگاوەکانت
ڕفاند…

دیواری کۆڵان
ناڵی.


٦

ئامێزی کراوەی پەنجەرە
بۆنی دەستی بەهار
هەڵمژی.


٧

لە مەستیی هاتنت،
لە ڕووتیی پاییزدا…

خوێنی گوڵچکە
لە بێگەڵایی ژیاندا
هەڵقوا.


No comments: