...چی دەبوو ئەگەر
ئاسمانی ترشڕوو
بە ڕەنگی بزەی تۆ
...ڕووناک دەکرد مەوە
تا هەور
فرمێسک
نەڕێژێت و
خەمی زەوی
بە بارانی دڵخۆشی
بشواتەوە
...چی دەبوو ئەگەر
چاوەکانت
باڵی پەڕین بگرن
تا شوێنی کچە ون بووەکان
لە ناو زریانەکاندا
بدۆزنەوە و
بە یار
هەواڵێک لە نازار
بگەیەنێت
...چی دەبوو ئەگەر
بە ئاوازی هەناسەت
گۆرانییەک
لە دڵم بسەوزێت
تا گوڵاڵە و بەنەوشە
لە خاکی ئەم وڵاتە
سەر هەڵبدەن
لاوانی ئازا
جلی زاوازی
لەبەر بکەن و
ڕەشیی داخ
لە ئەستۆی دایکە گەنجەکان
لا ببرێت
...چی دەبوو ئەگەر
تارمایی ڕۆژگار
لە ئاوێنەی چاوەکانت
بشکێت و
لەم خاکەدا
تەنها
نەمامی خۆشەویستی
سەوز ببێت
...چی دەبوو ئەگەر
خۆشەویستی
لەم خاکەدا بسەوزێت
...چی دەبوو ئەگەر
خۆشەویستی
لەم خاکەدا
بسەوزێت
لە یازدەی مای، ٢٠٢٦
.
No comments:
Post a Comment